نرخەکانی نەوت بەردەوامن لە دابەزین و رۆژی سێشەممە لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی جیهان نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتە 102 دۆلار و بەراورد بە رۆژی رابردوو زیاتر لە 8 دۆلار دابەزی. هەروەها نرخی زێڕیش دابەزی و هەر ئۆنسەیەک بە 1939 دۆلارە.
رۆژی سێشەممە 15-3-2022 نرخی نەوتی برێنت زیاتر دابەزی و گەیشتە 102 دۆلار و 4 سەنت، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تێکساس بە 98 دۆلار و 56 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەم دابەزینەی نرخی نەوت لە کاتێکدایە کە رۆژی دووشەممە 14-3-2022 نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 110 دۆلار و 7 سەنت مامەڵەی پێوەکرا و دواتر ئێوارەی هەمان رۆژ گەیشتە 103 دۆلار، هەروەها نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسیش بۆ خوار 100 دۆلار دابەزی.
دابەزینی نرخی نەوت لەکاتێکدایە کە گفتوگۆکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا زیاتربوون و بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە بۆ چوارەم جار کۆببنەوە لەسەر دۆخی ئۆکراینا، هاوکات بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئۆمیکرۆنیشەوە لە ژمارەیەک لە شارەکانی چین جارێکی دیکە قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندراوەتەوە.
دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ نزیکەی 140 دۆلار بەرزبووەوە.
نرخی زێڕ دابەزی بۆ 1940 دۆلار
لەگەڵ بەرز و نزمی لە نرخی نەوت نرخی زێڕیش گۆڕانکاریی بەسەردادێت، بەراورد بە رۆژی دووشەممە ئەمڕۆ سێشەممە نرخی زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی.
ئێستا نرخی یەک ئۆنسەی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان بە 1939 دۆلارە، ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژی دووشەممە نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بە 1974 بوو.
هەروەها نرخی ئۆنسەیەک زیو رۆژی دووشەممە بە 25.69 دۆلار بوو، بەڵام ئەمڕۆ دابەزیوە بۆ 24.87 دۆلار.
نرخی زێڕ هەرچەندە لە رۆژانی رابردوودا ئاستێکی مێژوویی تۆمارکرد و هەر ئۆنسەیەک بە دوو هەزار و 75 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام لە کۆتاییەکانی رۆژی چوارشەممەوە دەستی بە دابەزین کرد.