لە بۆردوومانەکانی ئەمڕۆی شاری چێرنیهۆڤی ئۆکراینا 5 ئەندامی خێزانێک کوژران، دوای بۆردوومانەکە تەرمی دووانەیەکی 3 ساڵان، کچێکی 12 ساڵان و دایک و باوکیان لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لەو شارەی باکووری ئۆکراینا دەرهێندران. ئەوە لەکاتێکدایە ماریۆپۆلیش ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە لەلایەن رووسیاوە گەمارۆدراوە.
بەرپرسانی ئۆکراینی دەڵێن، خێزانەکە بە هێرشێکی ئاسمانیی رووسیا کوژراوە. لە کیێڤی پایتەختیش، پاشماوەی مووشەکێکی رووسی کە لەلایەن سیستمی بەرگریی ئۆکرایناوە خرابووە خوارەوە، بەر یەکەیەکی نیشتەجێبوون کەوتووە. بەو هۆیەوە کەسێک کوژراوە و سێی دیکەش برینداربوون.
ئاناستەیژیا، دانیشتووی کیێڤە و گوتی، "پەنجەرەکانی شوقەکەی دایک و باوکم هەموویان وردوخاش بوون، خۆیان زیندوون. ئێمەش زیندووین. سەرفرازی بۆ ئۆکراینا."
ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ، سوپاسی پاڵپشتیی سەربازیی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ وڵاتەکەی دەکات و پەیامێک بە رووسیا دەدات و دەڵێت، "ئێمە بەرگەدەگرین، چونکە لەنێو خاکی خۆمانداین. ئێمە شەڕ بۆ وڵات و داهاتوومان دەکەین."
تانکێکی رووسی لە شاری ماریوپۆلی باشووری ئۆکراینا لەلایەن درۆنێکی ئۆکراینی بۆردوومانکرا. وەک لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، دوو سەرباز هەوڵدەدەن لێی دەربچن، بەڵام دووبارە مووشەکیان پێوە دەنرێت. یەکێکیان لەسەر تانکەکە بێ جووڵە دەکەوێت، ئەوی دیکەیان رادەکات و لەسەر سک رادەکشێت.
لەژێر زەمینی هۆڵێکی شانۆی ماریوپۆلیش، دوای ئەوەی کە بووە ئامانجی هێرشێکی ئاسمانی، ژن و منداڵەکان بە سەلامەتی لێی دەربرێنە دەرەوە. بەرپرسانی ئۆکراینا دەڵێن، ئەوە نموونەیەکە لەو شوێنە سڤیلانەی رووسیا بەئامانجیکردوون.
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیاش وەڵامی تۆمەتەکە دەداتەوە و دەڵێت، "گومانی تێدا نییە ئەوە درۆیە."
ماریۆپۆل ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە لەلایەن رووسیاوە گەمارۆدراوە. بە گوێرەی رێککەوتنی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، دوو رێڕەوی مرۆیی بەرەو شوێنەکانی ژێر دەسەڵاتی نێوان هەردوولا کراونەتەوە. وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت، 33 هەزار کەسیان لە شارەکە گواستووەتەوە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان.