وەزیری دەرەوەی تورکیا دوای سەردانەکەی بۆ مۆسکۆ و ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی ئادار سەردانی لڤیڤی کرد و چاوی کەوت بە دیمیترۆ کولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا.
بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا زیاتر لە دوو کاژێر لەگەڵ دیمیترۆ کولێبا کۆبووەتەوە و دواتر کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان ئەنجامدا.
وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا بە چاوشئۆغڵوی راگەیاند: "پێداگریتان، بوێریتان و سهردانتان دهرخهری ئهوهیه كه توركیا كاراكتهرێكی چالاكه. ستایشی حکومەت و گەلی تورکیا دەکەین و رۆڵی ئێوە زۆر گرنگە لە هێورکردنەوەی دۆخەکە و گەیاندنی هاوکاری بە پەنابەران و ئاوارەکان".
مەولود چاوشئۆغڵو سوپاسی حکومەتی ئۆکراینای کرد بەهۆی ئاسانکاریکردنیان لە دەربازکردنی هاووڵاتییانی تورکیا لە ئۆکراینا و رایگەیاند، تورکیا سوورە لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا بۆ ئەوەی ببێتە زەمینەیەکی گونجاو بەمەبەستی وەستاندنی خوێنڕشتن بڕەخسێنێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئۆکراینا داوای کردووە لە ئەگەری رێککەوتنێکدا، تورکیا وەک لایەنی سێیەم ببێتە وڵاتی گەرەنتیکار و دڵنیاییدەر بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان و گوتیشی، "رووسیاش لەو بارەوە لاری نییە، ئەگەر زەمینەی هەبوونی رێککەوتنێک لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا سەریگرت، رەنگە سەرۆکی هەردوو وڵات کۆببنەوە".
مەولود چاوشئۆغڵو راشیگەیاند، دوێنێ لە مۆسکۆ و ئەمڕۆش لە لڤیڤ، بەردەوام دەبن بۆ نزیککردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان بۆ چارەکردنی کێشە و قەیرانەکان.